هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا

خۆڕاگری: تەیفوور سەلیمی‌بابمیری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی بۆکان، بە دانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی، تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی تەمەن ٤٨ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان پاش زیاتر لە چوار مانگ دەسبەسەربوون بە دانانی بارمتەی و قورس بە بڕی ٣ملیاردتمەن و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراو نزیکەی چوار مانگی سەرەتایی دەسبەسەربوونی لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێدا تێپەڕ کردووە و لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

 شایانی باسە کە، تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لە شاری بانە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تۆمەتی ئەوەیکە لەکاتی شۆڕشی ژینا وەکوو پزیشکێک یارمەتی بریندارانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی داوە، دەسبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوەی بەردەوام، دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازراوەتەوە.