ناڕوونی چارەنووسی ١٠هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی کورد لە ورمێ

خۆڕاگری: ١٠هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان پاش ئەوەیکە دەسبەسەر کراون و لە یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگیران، تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

ئەمجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر ناڕوونی چارەنووسی ١٠هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو ڕایگەیاند: ١٠هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی “تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، هێمن کرمانج، ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، ڕزگار بابامیری، جەلیل مەولوودی و جوانمەرد مام‌خوسرەوی، پاش زیاتر لە شەش مانگ دەسبەسەربوون تائێستاش چارەنووسیان ناڕوونە و لە گرتنگەیەکی ڕێژیم لە ورمێ ڕاگیراون.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوەش کرد کە؛ ئەو ١٠هاووڵاتییە تائێستا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەریی کراون و هیچ زانیارییەکی وردیش لەسەر بارودۆخیان لە بەردەستدا نییە و هەروەها بۆ ورگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ کەوتوونەتە ژێر گوشاری توندی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و دەیانهەوێ لە ژێر گوشاردا بەزۆری دانپێدانانیان لێ وردگرن.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە؛ تەیفوور سەلیمی‌بابامیری، مانگی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بانە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و هەروەها ڕۆژی شەممە، ٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەحمەد مامزادە، ئەبووبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ کراون.

جێی ئاماژەیە کە، ڕزگار بابامیری و جەلیل مەولوودییش ڕۆژی ٢٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری بانە بەبێ بوونی بەڵگەنامەی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها سەرەتاکانی ماگی بانەمەڕی ئەمساڵ، جوانمەرد مام‌خوسرەوی لە شاری بانە لەلایەن چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و لەلایەکی دیکەشەوە، هێمن کرمانج، خەڵکی گوندی “یاسیکەند”ـی سەربە شاری بۆکان، کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە بەبێ بوونی بەڵگەی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپێچینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ کراوە و تائیستا سەرجەمیان چارەنوویان هەروا بە ناڕوونی ماوەتەوە و ئەوەش نیگەرانیی زۆری لای بنەماڵەکەیان دروست کردووە.