ناڕوونی چارەنووسی دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا پاش تێپەڕینی یەک ساڵ

خۆڕاگری: عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان و دەسبەسەرکراوی شۆڕشی ژینا، پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر ڕاگیرانیدا تا ئێستاش بێسەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی هەینی، ٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕاپۆرتێکی لەسەر ناڕوونی چارەنووسی دەسبەسەرکراوێکی شۆڕشی ژینا بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: عوسمان مامە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا، لەو شارە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا، بەڵام سەرەڕای بەدواداچوون  و سەردانکردنی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، تا ئێستا کە یەک ساڵ تێپەڕی هیچ وەڵامێکی ڕوون بە داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیران ئەو هاووڵاتییە نەدراوەتەوە.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەر کراوە، لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا بەردەوام خەریکی بەدواداچوون و هەوڵدانن بۆ ئەوەیکە لەسەر چارەنووسی ناوبراو زانیارییەکیان دەست بکەوێ، بەڵام لەو ماوەی یەک ساڵ بەندکردنی عوسمان مامە تا ئیستاش ناوەندە سەرکوتکەرەکان و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە هیچ شتێکیان بەو بنەماڵەیە نەوتووە و ئەوەس نیگەرانی زۆری لای ئەو بنەماڵەیە دروست کردووە و هەر لەو یەکساڵەدا، بنەماڵەکەی چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئاگاهی، ئیدارەی ئیتلاعات، دەزگای ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران و دادگای کۆماری ئیسلامی لە بۆکانیان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوونیان پێ نەدراوەتەوە.

خۆڕاگری لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا وتی: سەرەڕای ئەوەیکە هیچ وڵامێکیان بەو بنەماڵەیە نەداوەتەوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەند جارێک بنەماڵەی عوسمان مامە بانگهێشتی بەردەم ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بۆکان کراون و خراونەتە ژێر لێپرسینەوە و هەڕەشەیان لێ کراوە کە بۆیان نییە هیچ جۆرە هەواڵێک لەسەر چارەنووسی کوڕەکەیان بڵاو بکەنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەڵێن ئاگایان لە چارەنووسی ناوبراو نییە، بەڵام لەو لێپرسینەوانەدا کە لە بنەماڵەکەیان کردووە، ئاماژەیان بە وێنە و فیلمەکانی ناو مۆبایلەکەی و هەوڵدانی بۆ دۆزینەوە و فرۆشتنی ئاسەواری مێژوویی کردووە و ئەوەش یەکێکی دیکەیە لە چەواشەکارییەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم.