دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە بەناوی “سەلام ئازری” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر وگوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەلام (شاهین) ئازەری، هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ساڵانی خەڵکی شاری نەغەدە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە کە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کارەکەی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی پاش ئەوەیکە ناوبراویان دەسبەسەر کردووە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەشی و بەتەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و هەروەها تائیستا کە زیاتر لە چوار ڕۆژە دەسبەسەر و ڕفێندراوە، بنەماڵەکەی هەوڵی زۆریان داوە کە بزانن لەسەر چی و بۆچی دەسبەسەر کراوە، بەڵام ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هیچ وڵامێکیان نەداونەتەوە و هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.