خۆڕاگری: فەرشاد سەوری، هاووڵاتیی خەڵكی ورمێ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕوژی دووشەممە، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، فەرشاد سەوری، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “بالوو”ـی سەربە شاری ورمێ لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەیەکی ئەو ناوەندە لە ورمێ.
هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.
