دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: محەممەد شەریفی، مامۆستای ئایینیی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، مامۆستا محەممەد شەریفی، مامۆستای ئایینیی تەمەن ٣٧ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا محەممەد شەریفی و بە شێویەکی دڕەندانە شووشە و پەنجێرەی ماڵەکەیان شکاندووە و دوای بێ‌ڕێزیکردن و درسوتکردنی کەشێکی تۆقێنەر ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

شایانی باسە کە چەکدارانی کۆماری ئیسلامی پاش پشکنینی ماڵی ئەو مامۆستا ئایینە، دەستیان بەسەر لەبتاب و مۆبایی خۆی و هاوسەرەکەیدا گرتووە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنێ ڕاگیران و باردوخی ناوبراو لە بەردەستدا نییە.