هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: ئەسرین ئەفسەر، هاووڵاتیی خەڵکی ئاوایی “نێ”ـی سەربە مەریوان، دوای تێپەڕبوونی یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵای کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەسرین ئەفسەر، خەڵکی ئاوایی نێ”ـی سەربە شاری مەریوان کە ماوەی یەک مانگە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانیکۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی ٥٠٠میلیۆن تمەن بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنی ئازاد کراوە.
ئەسرین ئەفسەر، یەک مانگ لەمەوبەر بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کرابوو و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵی لە بەردەستدا نییە.