هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی سەقز

خۆڕاگری: ئەیووب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، دوای زیاتر لە مانگێک دەسبەسەربوون و ئەشکەنجەدان گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ئەیوب جەوانپوور، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سەقز، پاش مانگێک و چوار ڕۆژ دەسبەسەربوون و ئەشکەنجەدان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە، لە گرتنگەی ئەو ناوەندە سەرکوتکەرەی ڕێژیم بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز گواستراوەتەوە و هەروەها ناوبراو لە ڕەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا بریندار و ماوەیەکیش دەسبەسەر کرابوو.
ئەیووب جەوانپوور، لە کاتێکدا کە بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز گواستراوەتەوە، باری جەستەیی دەروونی بەتەواوی ناجێگیر بووە و شوێنی ئەشکەنجە و لێدان بە جەستەیەوە دیار بووە و هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.