شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کران

خۆڕاگری: شەش هاووڵاتیی خەڵکی گوندەکانی سەربە پیرانشار، کە نزیکەی یەک مانگ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتی ئازاد کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، شەش هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو بەناوەکانی “سورەیا قەیتەران، عەبدولڕەحمان قەیتەران، سەدرەدین قەیتەران، خزر محەممەدپوور، حەبیب خۆشنوود و جەماڵ ڕەسووڵزادە کە نزیکەی یەک مانگ لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەرکراون، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
جێی ئاماژەیە کە ئەو شەش هاووڵاتییە خەڵکی گوندەکانی “کانی مەلا و خوڕینج”ـی سەربە شاری پیرانشارن کە لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و بەشێوەی توندوتیژی دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتنگەکانی ڕێژیم لەو شارە کرابوون و تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە سەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵیان لە بەردەستدا نییە.