دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئیسماعیل مەعرووفی، مامۆستای خانەنشینی خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری پیرانشار هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئیسماعیل مەعرووفی، مامۆستای خانەنشینکراو کە ٣٠ ساڵ پێشینەی خزمەتی هەیە، بەبەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەوەیکە ئەو مامۆستایەیان بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کردووە، بێڕێزییان بە ئەندامانی بنەماڵەکەشی کردووە  دەستیان بەسەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.

شایانی باسە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.