دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی “عەلی دانش و قاسم چۆمەڵانی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڵیانکوتاوەتەوە سەرماڵی عەلی دانش و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، قاسم چۆمەڵانی، هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد لە کاتی گەڕانەوەی لە بۆکانەوە بۆ ماڵی خۆیان، لە نزیکی شاری مەهاباد لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و ڕفێندراوە بۆ شوێنێکی نادیار.

جێێ ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.