هاووڵاتییەکی کورد لە تاران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی کرماشان بەناوی “حەمید فەرهادی” دانیشووی شاری تاران، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە شاری تاران هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی حەمید فەرهادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری کرماشان و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

وێڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی ناوبراودا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە کە ئەویش بووەتە هۆی نیگەرانییان.