سەپاندنی سزای بەندکردن و لێدانی قامچی بەسەر مامۆستایەکی خەڵکی سەقزدا

خۆڕاگری: سولەیمان عەبدی، ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای ٨مانگ بەندکردن و لێدانی ٧٠قامچی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سولەیمان عەبدی، ئەندامی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان-سەقز، لەلایەن لقی ١٠٥ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەقز بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لە گۆڕستانی ئایچی لە شاری سەقز، هەشت مانگ بەندکران و لێدانی ٧٠ قامچی، سزای بەسەردا سەپێندرا.
دادگای ڕێژیم دواتر ماوەی بەندکرانەکەی ناوبراوی گۆڕی بۆ ٧٢٠ کاتژمێر وانەوتنەوە بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ئیمدای خومەینی لە سەقز و لێدانی ٧٠ قامچییەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسارد و هەروەها لە کاتی گەڕان و پشکنین لە ماڵی ئەو مامۆستایە، هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر مۆبایلی خۆی و ئەندامانی بنەماڵەکەیدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانن.