هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە کرماشان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ڕۆژنامەنووس و شاعیر خەڵکی ئەو شارە

خۆڕاگری: هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە کرماشان بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری‌کەلەجۆیی، شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شارەکە بە تەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هەلیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری‌کەلەجۆیی، ناسراو بە “لەکەمیر”، شاعیر، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و توێژەری ناسراوی خەڵکی کرماشان و بەتەواوی ماڵ و کەلوپەلە تاکەکەسییەکانیان پشکنیوە و بێرێزییان پێ کردووە و ناوبراو بەهۆی چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانییەوە بەردەوام لەژێر گوشار و هەڕەشەی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدایە.

هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی وێڕای هەڕەشەکردن و دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر و پڕ لە دڵەڕاوکێ، لە وەڵامی داوای مۆڵەت و بەڵگەیەکی یاسایی بۆ چوونە ژوورەوە لەلایەن “لەکەمیر”ـەوە، نامەیەکیان بە نووسراوەیەکی ناڕوون پیشان داوە و تەنانەت ڕێگەیان نەداوە ئەو شاعیرە بەباشی دەقی نووسراوەکە ناو بیخوێنێتەوە و هەروەها پێشتر لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆزی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێز و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بانگ کراوە و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەی لێ‌کراوە و تەنانەت لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانەوە کۆڕ و شەوەشێعرەکانیشی هەڵوەشاوەتەوە یان ڕێگەیان پێ نەداوە بەڕێوەی ببات.

جێی ئاماژەیە کە، لەکەمیر، شاعیری ناسراوی کورد کە بە بە زاراوەی کەڵهوڕی و بەتایبەت شێوەزاری لەکی شێعر دەهۆنێتەوە و چەندین بەرهەمیشی لە بوارە جیاوازە ئەدەبییەکاندا چاپ و بڵاو کراونەتەوە، وەک کۆمەڵەچیرۆکی “مرثیەای برای تو”، کۆمەڵەچیرۆکی “گورستان یخ زدە”، کتێبی شێعریی “خڕیوە” و کۆمەڵەئەفسانەی لەکی.