سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر ٢ هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد و مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئەشکان فەهیم، خەڵکی مەهاباد و محەممەد تەدینی، خەڵکی مەریوان، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە هەرکامیان سزای ٤٥مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی شەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئەشکان فەهیم، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەهاباد و محەممەد تەدینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتیی قازی “دووستی”، بە تۆمەتی دروستکردنی گرووپ و دەستە بەدژی ڕێژیم، سەرجەم سزای ٩٠ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو دوو لاوە کوردە ماوەی ٣مانگ لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کران و هەرکامیان سزای ٢ساڵ دوورخستەن لە زێدی خۆیانیان بەسەردا سەپێندراوە و سەرڕای تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ئەشکان فەهیم، قازی پەروەندەکە ڕەتی کردەوە کە بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی ئازاد بکرێ.
جێی ئاماژەیە کە، ناوبراوان لە ماوەی ڕاگیرانیان، بە مەبەسەتی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران لە ورمێ بەشێوەیەکی دڕەندانە ئازار و ئەشکەنجە دراون.