ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی خۆی پاش ٢٠ ڕۆژ

خۆڕاگری: مووسا مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری “خۆی” زیاتر لە ٢٠ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و تا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: مووسا مورادی، هاووڵاتیی خەڵکی شارۆچکەی “کۆتۆل”ـی سەربە شاری خۆی، ماوەی زیاتر لە ٢٠ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەنامەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تا ئێستاش چارەنووسی ناڕوونە.

مووسا مورادی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و هەروەها ناوبراو ڕۆژی هەینی ٢٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن ژمارەیەک لە هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری خۆی، دەسبەسەر و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆژاری دەسبەسەر و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.