دەسبەسەرکردنی برای شەهیدێکی شۆڕشی ژینا لە ورمێ لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەیاد دەرویشی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ و برای “فەرجاد” یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، سەیاد دەرویشی، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ و برای فەرجاد دەرویشی، یەکێک لە شەهیدانی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەدژی کۆماری ئیسلامی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە لەو شارە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

ناوبراو پاش دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێنچینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی سەیاد لە بەردەستدا نییە.