بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: فەرهاد شێخی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی سەقز، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرهاد شێخی، چالاکی کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن لەقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کەرەج، بەتۆمەتی بانگەشە دژبە کۆماری ئیسلامی، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراولەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە وەکوو سزای تەواوکەر، بە قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێران، دوورخستنەوەی بۆ شاری دیواندەرە و قەدەغەکردنی ژیانکردن لە پارێزگای ئەلبورز و تاران، بۆ هەر یەکیان سزای ٢ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.

جێی ئاماژەیە کە فەرهاد شێخی، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ماڵەکەی خۆی لە هەشتگردی شاری کەرەج کە لەوێ نیشتەجێ بووە، دەسبەسەر کراوە و پاش ماوەیەک لە بەندیخانە ئازاد کرا و هەروەها لە مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و  گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری کەرەج و دواتر لە هەمانمانگدا ئازاد کرا و جارێکی دیکەش لەلایەن لەقی ١٠٥٨ـی دادگای تاوانەکانی ٢ی پارێزگای تاران، بەتۆمەتی تێکدانی شەقام و ئارامی گشتی، سزای ٤مانگ بەندکردن و لێدانی ٥قامچی بەسەردا سەپێندرا.