دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی سزای بەندکردنی بەسەر ٣هاووڵاتیی کورددا سەپاند

خۆڕاگری: هیوا جیهانی، هیوا تاتایی و ئومید موقەدەس ٣هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هیوا جیهانی، هیوا تاتایی و ئومید موقەدەس، ٣هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی سەقز کە لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی “ژینا ئەمینی” دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە بە سەرۆکایەتی قازی “جەواد مستەفایی” بەتۆمەتی بەشداریکردن لە دروستکردنی باند و گرووپ بەدژی ئاسایشی گشتی سزای بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

سزای بەندکردنی کۆماری ئیسلامی کە بەسەر ئەو ٣هاووڵاتییەی سەپاندوون بەم شێوەیەن: هیوا تاتایی، سزای ٣ ساڵ و ٦ مانگ بەندکردن و دوو ساڵ قەدەغەبوونی چوونە دەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپێندراوە، هیوا جیهانی و ئومید موقەدەس، هەرکامیان سزای ٢ ساڵ بەندکردن لەگەڵ هەژمارکردنی ئەو ڕۆژانەی کە دەسبەسەر کراون بەسەریاندا سەپێندراوە، بەڵام ئەو سزای ٢ساڵ بەندکردنە گۆڕاوە بۆ پێبژاردنی پارە بە بڕی ٣٥ملیۆن تمەن.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو ٣هاووڵاتییە لە ساڵڕۆژی شەهیدکردنی “ژینا” و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی شاری سەقز لەلایەن ڕێژیمەوە، دەسبەسەر کران و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر ئەمساڵ، هەرکامیان بە دانانی بارمتەی ٩٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە یازاد کران.