خۆڕاگری: ڕامین زلە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ۲۰ی سەرماوەزی ۱٤۰٤ی هەتاوی (۱۱دێسامبری ۲۰۲٥ی زایینی) ڕامین زلە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی شاری نەغەدە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بە سەرۆکایەتی قازی “سیامی” بەتۆمەتی بەغی، لە رێگەی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.
سەرچاوە زانیارییەکانی خۆڕاگری باسیان لەوە کرد کە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێوەی فەرمی ئەو سزایە بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و ڕامین دوای یەکساڵ و ٤مانگ دەسبەسەربوون یەکەم دادگاییکردنی بەڕێوەچووە ئەویش تەنیا چەند خولەلێکی خایاندووە و مافی دەستپێڕاگەیشتنی با پارێزی لێ زەوت کرابوو.
شایانی باسە کە ڕامین زلە، ڕۆژی دووشەممە، ۱ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە.
