دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن ڕیژیمەوە

خۆراگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی “شەعبان موریدی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، شەعبان موریدی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری جوانڕۆ و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی نژ، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە جوانڕۆ، بەبێ بوونی بەڵگەنامەی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شەعبان موردی و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی ناوبراویان دەسبەسەر و ڕفاندوویانە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە پاش دەسبەسەرکردنی ناوبراو تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکەشی بێئاکام ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، شەعبان موریدی وەرزی پاییزی ساڵی ڕابردوو، لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و هەروەها ٢ساڵ پێشتریش لە کاتی خۆپیشاندان بەدژی ڕێژیم جارێکی دیکە دەسبەسەر کراوە.