سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: فەرهاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، فەرهاد کەریمی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە لەلایەن لقی ١٠٣ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و دەبێ لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆی بە بەمەستی تێپڕاندنی سزاکەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە بناسێنێت.

ناوبراو ڕۆژی سێشەممە، ٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە گوازرایەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ڕێژیم لە ورمێ و پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە و هەروەها ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی گەلاوێژی ئەمساڵ، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرا.