سەپاندنی سزای بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵكی پیرانشار بەناوی “ناسیح لاهیجانی” پاش پێنج مانگ دەسبەسەربوون، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە، سزای ١٠ساڵ و ١ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی هەینی، ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەژووری هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ناسیح لاهیجانی، هاووڵاتیی خەڵكی گوندی “هەمزاوا”ـی ناوچەی بەربنەی سەربەشاری پیرانشار و دانیشتووی ئەو شارە، ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ دەبێ لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و پاش لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لەئاکامدا بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، سزای ١٠ساڵ و ١ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان، ناوبراو پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم بووە و دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پیرانشار و خۆی ڕادەستی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم کردووە و هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کراوە و پاش زیاتر لە پێنج مانگ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، سزای زیاتر لە ١٠ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.