سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: لوقمان پیشیار، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ی هەتاوی، دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری بۆکان، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ٣ساڵ بەندکردنی بەسەر “لوقمان پیشیار” هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەدا سەپاند.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی مانگی ڕەزبەر پاش کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە ورمێ، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی شاری بۆکان.

جێی ئاماژەیە کە، لوقمان پیشیار، ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی قورس بە بڕی یەک ملیارد تمەن بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی شاری بۆکان ئازاد کرا و هەروەها پێویستە بگوترێ کە ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەستپێپراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.