پێنەدانی مەرەخەسی بە بەندکراوێکی سیاسی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە لە پیرانشار

خۆڕاگری: دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار، ڕێگرییان لە پێدەانی مەرەخەسی بە لوقمان قادری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار کرد کەلە بەندیخانەی ورمێ بەند کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لوقمان قادری، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی گوندی پەسوێی سەربە پیرانشار کەلە بەندیخانەی ورمێ بەند کراوە، بەهۆی دژایەتیکردنی دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پیرانشار، لە مافی وەرگرتنی مەرەخەسی بێبەش کراوە.
دادستان و ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە پیرانشار، هەموو جۆرە ئاسانکاری و مەرەخەسییەک بۆ ئەو بەندکراوە سیاسییەیان بە هاوکاریکردن لەگەڵ ناوەندە سەرکوتکەرەکان مەرجدار کردووە و لوقمان قادری لە نامەیەکدا داوای لە ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان کردووە کە بەدواداچوون بۆ دۆخی بەندکراوان بکەن و ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانی ڕێژیم لەمبارەوە ناچار بە وڵامدانەوە بکەن.