
خۆڕاگری: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران بەهمەن چووبیئەسڵ، هاووڵاتیی خەڵكی ئێرانی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارەدا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، بەهمەن چووبیئەسڵ هاووڵاتیی خەڵکی ئێران، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگری مووسادی ئیسرائیل بەشێوەی نهێنی و دوور لە چاوی میدیاکان لە سێدارە دراوە.
ناوبراو لە ناوەندێکی زانیاریی و گەیاندن وەکوو پسپۆڕی ئەو بوارە کاری دەکرد و دواتر لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و پاش لێكۆلێنەوە و لێپێچینەوە لەلایەن دەسەڵاتی دادگای باڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سزاکەی جێبەجێ کرا.