
خۆڕاگری: د. سارۆ یارئەحمەدی، پزیشکی خەڵکی کرماشان زیاتر لە ١٠ڕۆژە لەلایەن چەکدارانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، سارۆ یارئەحمەدی، پزیشکی پسپۆڕی ددان و هاووڵاتیی خەڵكی شاری کرماشان، لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە و تائێستا چاەنووسی ناڕوونە.
ئیتلاعاتی سپای تێڕۆریستی پاسدرانی ڕێژیم، سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراویان لە گرتنگەدا خستۆتە ژێر گوشاری توندەوە بۆ ئەوەی لە دژی ئەو پزیشکە دانپێدانانی زۆرە ملێ بکەن، بەڵام ئەو کەسانە وێڕای ئەوەیکە دەسبەسەرن ڕەتیان کردۆتەوە کە لەدژی ناوبراو هیچ قسەیەکی بێبنەما بکەن.
جێی ئاماژەیە کە دوکتور سارۆ یارئەحمەدی چارەسەری پزیشکی بەکاردەهێنێ، هێزە سەرکوتکەرەکان ڕێگەیان نەداوە دەرمانەکانی لەگەڵ خۆی ببات و هەروا بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و هەروەها سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ڕۆژ بەسەر دەسبەسەربوونیدا، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتەوەپاڵدراوەکانی و چارەنووسی لەبەردەستدا نییە.