دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی “یاسین ئاباریان” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، یاسین ئاباریان، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “سەروکانی”ـی سەربە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

ناوبراو پاش دەسبەسەرکردنی، لە یەکێک لە ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی لێکراوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری نەغەدە و هەروەها بۆ ئازادیی کاتیی داوای بارمتەی ١ملیاردتمەنییان لێکردووە.

جێی ئاماژەیە کە، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ناوبرو لە بەردەستدا نییە و نازانرێ لەسەر چی لێکۆڵینەوە و لێپریسنەوەی لەگەڵ کراوە.