دەسبەسەرکردن هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ بەناوی “عیسا ئیبراهیمزادە،  لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، عیسا ئیبراهیمزادە، چالاکی کرێکاری خەڵکی گوندی “دێشەمس”ـی سەربە شاری شنۆ، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە و هەروەها پێشتریش لەکاتی خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، دەسبەسەر کرابوو.

هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییە و بەشێوەیەکی دڕەندانە ناوبراویان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

لە پاش دەسبەسەرکردنی عیسا ئیبراهیمزادەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و هەروەها چارەنووسی لە بەردەستدا نییە، لەحاڵێکدا بنەماڵەکەی بەردەوام لە هەوڵ و بەدواداچووندان بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ناوبراو.