دوو برای خەڵکی بانە لە تاران، جارێکی دیکە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: کەماڵ و جەماڵ عەبدوڵڵاهی، دوو برای خەڵکی بانە بۆ جارێکی دیکە لەلایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە شاری تاران دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، جەماڵ عەبدوڵڵاهی و کەماڵ عەبدوڵڵایی دوو برای خەڵکی گوندی “بەردەڕەش”ـی سەربە شاری بانە پاش ئەوەی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لە تاران بانگ کران، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئێڤین کراون.

پێشتر ئەو دوو برایە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بە تۆمەتی ئەوەیکە دەستیان هەبووە لە کوشتنی “موحسین فەخریزادە” بۆ ماوەی یەکساڵ و ٢مانگ دەسبەسەر کرابوو و ئێستاش لەسەر هەمان تۆمەت لەلایەن ئیتلاعاتی شاری تارانەوە بەنگ کراون و دەسبەجێ هەرلەوێ دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ بەندیخانەی ئێڤین.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو دوو برایە کە پێشتر لە یەکێک لە گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران لە تاران بۆ ماوەی ١٤مانگ دەسبەسەر کرابوون، لەو ماوەیەدا لە مافی دەستپیڕاگەیشتن بە پارێزەر، سەردان و پێوەندیکردن بە بنامەڵەکانیان بێبەش کرابوون.