خۆڕاگری: ماشەڵڵا کەرەمی باوکی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا سزای یەکێک لە پەروەندەکانی لە ٨ساڵ و ١٠مانگ کەم کرایەوە بۆ یەکساڵ بەندکردن.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی، شەهلا ئارۆجی، پارێزەری پەروەندەکانی ماشەڵڵا کەرەمی باوکی شەهید کۆمار کەرەمی، ڕایگەیاند: ئەو سزایەی کە بۆ یەکێک لە پەروەندەکانی ناوبراو دەرچووە، لە ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرن کەم کرایەوە بۆ یەک ساڵ بەندکردن و تۆمەتەکانی ماشەڵڵا کەرەمی لە سپیکردنەوەی پارەوە بۆ بەدەستهێنانی سامان بەشێوەی ناڕەوا، گۆڕدرا و ٧ ساڵ و ٧ مانگ بەندکردن بەهۆی سپیکردنەوەی پارە و ١٤ مانگ بەندکردن بەهۆی بەدەستهێنانی پارە و سامان بە شێوەی ناڕەوا بۆ ١ ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی ١٠٠ ملیۆن تمەن سزای پێبژاردنی نەغدی، کەم کرایەوە.
هاوکات پەیام درەفەشان، یەکێکی دیکە لە پارێزەرەکانی ماشەڵڵا کەرەمی وتی: ئەو کەسانەی بەهۆی هاوکاریی ماڵی بۆ ناوبراو لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامییەوە پەروەندەیان بۆ دروست کرابوو، بێتاوان دەرچوون و هەروەها لە پەروەندەیەکی دیکەدا، سزای ٣ساڵ و ٧مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێنراوە و پەروەندەی دووهەمی بەتەواوی لەلایەن دادگای ڕێژیمەوە داخراوە.