خۆڕاگری: چالاکوانێکی خەڵكی مەهاباد بەناوی “کاوەیس عەبدوڵڵازادە” لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و شەش چالاکوانی دیکەش سەرجەم سزای ٦٠ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: کاوەیس عەبدوڵڵازاده، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەھاباد، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە بە سەرۆکایەتیی قازی ئەحەد سیامی، بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها شەش هاووڵاتیی دیکە بەناوەکانی “سالار بایەزیدیئازەر خەڵكی مەهاباد، هێمن مامقادری، یووسف مامقادری و مەنسوور کەربەلایی خەڵکی بۆکان و سالار سەیدڕەحیمی و حەسەن مامیلئازەر دوو هاووڵاتیی خەڵکی میاندواو، بەتۆمەتی پێکهێنانی گرووپی دژبەری ڕێژیم و تێکدانی ئاسایشی گشتی، هەرکامیان سزای ١٠ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەو هاووڵاتییانە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوون و پاش ماوەیەک ڕاگیران و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەیان ئازاد کرابوون و هەروەها هێمن مامقادری و یوسف مامقادری، لە ڕێگای نێوان بۆکان بۆ سەقز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەتەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کران و بە بەرینداری دەسبەسەر کرابوون.
