سەپاندنی سزای بەندکردن بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵكی نەغەدە لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەلام ئازەری، هاووڵاتیی خەڵكی نەغەدە، لەلایەن دەزگای قەزایی و کۆماری ئیسلامییەوە سزای ١٨مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەلام ئازەری، هاووڵاتیی خەڵکی شاری نەغەدە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ڕێژیمەوە لە مەهاباد بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سای ١٢مانگ بەندکردن و بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ٦مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە لە شاری نەغەدە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک لە شوێنی کارەکەی و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا و پاشان چەکدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە تەواوی ماڵکەشیان پشکنیوە و هەروەها پاش ماوەیەک ڕاگیران بەدانانی بارمتەی ٢ملیاردتمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.