دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردن ڕەوانەی بەندیخانە کران

خۆڕاگری: لوقمان پیشیار و حەسەن مەردانی ، ٢هاووڵاتی خەڵکی بۆکان بەمەبەستی تێپەڕاندنی سزای سێ ساڵ بەندکردن، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کران.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حەسەن مەردانی، تەمەن ٦٥ ساڵان و لوقمان پیشیار، تەمەن ٥٨ ساڵانی خەڵکی شاری بۆکان، دوای ئەوەیک لەلایەن لقی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای ڕێژیمی ئێران لە بۆکان بانگکران و هەر لەوێ بە مەبەسەتی تێپەڕاندنی سزای ٣ساڵ بەندکردن، دەسبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گوازرانەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بۆکان، بەتۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەریەکەو سزای سێ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندرابوو.

جێی ئاماژەیە کە ناوبراوان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی گەلاوێژی١٤٠٢ی هەتاوی، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە بۆکان دەسبەسەر کران و ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی ڕەزبەری هەمانساڵ، بەدانانی بارمتەی ١ملیارد تمەنی تاکاتی دادگاییکردنەکەیان بەشێوەی کاتیی لە بەندیخانە ئازاد کرابوون.