هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە بەناوی “ئەسعەد محەممەدی” لە ماوەکانی ڕابردوودا سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێنرابوو، بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی، ئەسعەد محەممەدی ناسراو بە “مەسعوود محەممەدی قەسریان”، چالاکی مەدەنیی خەڵکی سنە، پاش ئەوەیکە لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی، هەرلەوێ دەسبەجێ دەسبەسەر کرا و بۆ تێپەڕاندنی ماوەی ١ساڵ بەندکردن، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوبراو لەلایەن لقی ١کی دادگای ئینقلابی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری سنە بەتۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی حکوومەت، سزای ١ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا و هەروەها ئەو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە ماڵەکەی خۆی لە سنە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.