خۆڕاگری: عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٩١ڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: عەبدوڵڵا گوڵستانی، هاووڵاتیی خەڵكی شاری بۆکان لەلایەن لقی ٣ی دادگای تێهەڵچوونەوەی ڕێژیمەوە لە ورمێ، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزامی ڕێژیم، سزای ٣مانگ و یەکڕۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو ڕۆژی ١١ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بۆکان دەسبەسەر کرا و پاش حەفتەیەک ڕاگیران، بەهۆی ئازار ئەشکەنجەی زۆرەوە مۆرەیەکی پشتی شکابوو و بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانە و پاشان ڕەوانەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ کرا.
جێی ئاماژەیە کە، عەبدوڵڵا گوڵستانی پێشتر بەهۆی دۆسییەیەکی ساختەوە کە لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە دروست کرابوو، سزای ١١٣ملیۆن تمەنی بەسەردا سەپێندرا و ناچار کرا ئەو بڕە پارەیە بەشێوەی حازری بدات و دواتر بەدانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بەشێوەی کاتیی تاکاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.