لەدرێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی مەهاباد ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتە ١٠کەس

خۆڕاگری: سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد بەناوەکانی ڕێبوار ڕەسووڵی، ئەیووب ڕەسووڵی و عوسمان جەهانیفەر” لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکانی کۆماری ئیسلامی دەسبەسەر کران و بەوەش ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەو شارە گەیشتۆتە ١٠کەس.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی،  ڕێبوار ڕەسووڵی و ئەیووب ڕەسووڵی دوو برای خەڵکی مەهاباد لەگەڵ عوسمان جەهانیفەر، هاووڵاتیی خەڵكی ئەو شارە لەلایەن ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێ نادیار و هەروەها پێشتر “خۆڕاگری” هەواڵی دەسبەسەرکردنی ٧کەسی دیکەی خەڵكی ئەو شارەی بڵاو کردبۆوە و بەو ٣کەسەش ژمارەی دەسبەسەرکراوان تائێستا گەیشتووەتە ١٠کەس.

هێزە داگیرکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی دڕەندانە هەڵیکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەری کردوون و ڕفاندوونی بۆ شوێنێکی نادیار و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە مەهاباد و دوروبەری دەستیان بە شەپۆلێکی گرتن و ترساندن کردووە و کە تائێستا ناسنامەی ١٠کەس ئاشکرا کراوە و ئەگەر هەیە لە داهاتوودا ژمارەی دەسبەسەرکراوان بەرزتر ببێتەوە.