شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی مەهاباد هەروا بەردەوامە و کەسێکی دیکەش دەسبەسەر کرا

خۆڕاگری: لە بەردەوامیی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی خەڵكی مەهاباد لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی “ڕەحمان دانا” لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێرانە زیاتر لە ١٠هاووڵاتیی خەڵكی مەهابادی دەسبەسەر کردووە و بە دەسبەسەرکردنی ڕەحمان دانا، کۆتا هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو تائێستا، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی خەڵكی مەهاباد گەیشتۆتە ١١کەس.

هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ناوبراو و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ یەکێک لە گرتنگەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە ورمێ و تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.