خۆڕاگری: چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵكی مەهاباد بەناوەکانی “سیامەند سەیدئەحمەدی، قادر خەرامانفەر، کەماڵ مەسعوودی و جەلال سەدەفی” لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، سیامەند سەیدئەحمەدی، قادر خەرامانفەر، کەماڵ مەسعوودی و جەلال سەدەفی، چوار هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی “بەیرەم”ـی سەر بە شاری مەهاباد لەلایەن ئتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک و بەشێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و هەروەها ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەو گوندە گەیشتۆتە ٧کەس.
هێزە داگیرکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە و بەشێوەیەکی دڕەندانە ٧کەسیان دەسبەسەر کردووە کە پێشتر “خۆڕاگری” هەواڵی ٣کەسیان بڵاو کردبۆوە و بە ئاشکرابوونی ناوی ئەو چوار کەسەش ژمارەی دەسبەسەرکراوان گەیشتۆتە ٧کەس.
جێی ئاماژەیە کە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەربوون، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەو ٧هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە و هەوڵ و بەدوداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیش لەو بارەیەوە هیچ وڵامێکی بنەماڵەکانیان نەداوەتەوە.