برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لەلایەن ڕێژیمەوە سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا

خۆڕاگری: ئومید قەدیمی، برای یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە دیواندەرە، لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ساڵ و چوار مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی هەینی، ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: ئومید قەدیمی، هاووڵاتیی خەڵکی دیواندەرە و برای فواد قەدیمی یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامییەوە لەو شارە بەتۆمەتی ئەندامبوون لەیەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم، سزای ٣٢ مانگ بەندکردن، بەتۆمەتی چالاکی تەبلیغی بەدژی حکوومەت، سزای ٨ مانگ بەندکردن و سەرجەم سزای ٤٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها ناوبراو بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان بەمەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی، سزای پێبژاردنی بە بڕی ٨ملیۆن و پێنسەدهەزار تمەنیشی بەسەردا سەپێندراوە و قورسترین سزا بەرانبەر بە ٣٢ مانگ بەندکردن بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت کە دوو لە سێی ئەو ماوەیە، بۆ ماوەی یەک ساڵ هەڵپەسێردراوە.

جێێ ئاماژەیە کە، ئومید قەدیمی، ڕۆژی شەممە ١٦ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە کاتی ڕۆیشتن بۆ شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەرکرا و بۆ گرتنگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سنە گوازرایەوە و ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەری هەمانساڵ، بەدانانی بارمتەی دوو ملیارد و سێسەد ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.