هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

خۆڕاگری: هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ بەناوی “شەهرام شاهی” پاش زیاتر لە ١٠ڕۆژ دەسبەسەربوون، بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، شەهرام شاهی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شنۆ، پاش ١١ڕۆژ دەسبەسەربوون و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە، بەدانانی بارمتەی قورس و بەشێوەی کاتیی تا کاتی دادگاییکردنەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە ورمێ ئازاد کراوە.

ناوبراو یەکشەممە، ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری شنۆ، بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیج بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا.