دەسبەسەرکردن هاووڵاتییەکی خەڵکی قووچان لەلایەن سپای پاسدارانەوە

خۆڕاگری:ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتیی خەڵکی شاری قووچان سەربە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لەلایەن چەکدارەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی هەینی، ٢٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری قووچان سەربە پارێزگای خۆراسان و برای “مەهدی بەبرنژاد”، یەکێک لە شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕەندانە دەسبەسەر کرا.

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەی بەبرنژاد شووشە و دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندووە و دواتر ناوبراویان دەسبەسەر کردووە و هاوکات دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی کەسیی ڕەزادا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

جێی ئاماژەیە کە، دەسبەسەرکردنی ڕەزا بەبرنژاد لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شەهید مەهدی برایەتی و هەروەها تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ناوبراو و شوێن و بارودۆخی ڕاگیرنی لە بەردەستدا نییە.