دەسبەسەرکردنی باوکی شەهید کۆمار دەرئۆفتادە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

خۆڕاگری: حەسەن دەرئۆفتادە، باوكی شەهید کۆمار دەرئوفتادە، خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بۆ ماوەیەکی کاتی دەسبەسەر کراوە و سەبارەت بە ساڵرۆژی لە دایک بوونی کوڕەکەی هەڕەشەی لێکراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، حەسەن دەرئۆفتادە، باوکی شەهید کۆمار دەرئۆفتادە، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵان کە لە ڕەوتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” لە شاری پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵرۆژی لەدایک بوونی کوڕەکەی هەڕەشەی لێکراوە کە ڕێوڕەسمی بۆ نەگرێ.

ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران، لەکاتێکدا کە ماوەی چوار ڕۆژی ماوە بۆ ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی لە دایک بوونی شەهید کۆمار دەرئۆفتادە، باوکیان ئاگادار کردۆتەوە کە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێک بەو بۆنەیەوە قەدەغەیە و هەروەها حەسەن دەرئۆفتادە دوای پێنج کاتژمێر لێکۆڵینەوە و مانەوە لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم لە پیرانشار ئازاد کرا.

شایانی باسە کە، کۆمار دەرئۆفتادە، تەمەن ١٦ ساڵانی خەڵکی پیرانشار شەوی یەکشەممە ٨ خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو، لە خۆپیشاندانە سەرانسەرییەکانی پیرانشاردا لە مەودای ٣ مەترییەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە درایە بەر دەسڕێژی گولـلە وشەهید بوو.