دەسبەسەرکراوێکی پێشووی خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کرا

خۆراگری: عوسمان ئەرەس‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا دەسبەسەر کرابوو، بە مەبەسەتی سەپاندنی سزای بەندکردنەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی شەممە، ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، عوسمان ئەرەس‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادسەرای گشتی و ئینقلابی کۆماری ئیسلامی لەو شارە، بە سەرۆکایەتی قازی “ڕەزایی” بە تۆمەتی “هەڵسوکەوت بەدژی ئاسایشی گشتی و پڕوپاگەندە بەدژی کۆماری ئیسلامی سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ئەو شارە کراوە.

جێی ئاماژەیە کە، عوسمان ئەرەس‌زادە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کرا و هەروەها پاش ١٨ڕۆژ لێکۆڵینەوە گواسترایەوە بۆ بەندیخانە و لەوێ پاش تێپەڕبوونی ٨ی ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.