دەسبەسەرکردنی وەرزشوانێکی خەڵکی شاباد لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: سەجاد محەممەدی‌عالیبری، وەرزشوانی خەڵکی شاری شاباد، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، سەجاد محەممەدی‌عالیبری، هاووڵاتیی وەرزشوانی بوارەکانی زۆرانبازی و هونەری بەرگریی خەڵکی شاری شابادی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ئەو وەرزشوانە کە ئەندامی بەڕیوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی ئەو شارەیە، بە تۆمەتی ڕەخنەگرتن لە پێشنوێژی فەرمیی شاری شاباد، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و هەروەها تاکاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر بارودۆخ و شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی سەجاد لە بەردەستدا نییە.