خۆڕاگری: لە کاتێکدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان گەرمەی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیلدا دەکوڵێت، مەترسییەکی گەورە و بێدەنگ ڕووی لە یەکێک لە بێدەرەتانترین چینەکانی کۆمەڵگە کردووە، ئەویش “بەندکراوانی ڕامیاریی کورد”ن. مێژوو دەریخستووە کە لە کاتی تەنگژە دەرەکییەکاندا، دەسەڵاتە تۆتالیتارەکان فشارەکانی ناوخۆ بۆ سەر نەیاران و بەندکراوان چەند چەشنە دەکەنەوە.
بەپێی بەدوداچوونی ژووری هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” لە شاری بۆکان هەنگاوێکی زۆر مەترسیدار نراوە. گواستنەوەی بەندکراوان لە بەندیخانەی ئاساییی شارەوە بۆ شوێنە نادیارەکان یان ئەو بنکە سەربازییانەی کە ئەگەری هێرشی ئاسمانییان لەسەرە، تاوانێکی جەنگی و دژە مرۆیییە.
ئەو کردەوەیە بە ئامانجی پاراستنی کەرەستە سەربازییەکان یان تێوەگلاندنی لایەنی هێرشبەر لە کوشتنی خەڵکی سڤیل ئەنجام دەدرێت، ئەمە نەک هەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکوو سووکایەتیکردنە بە کەرامەتی مرۆڤ کە بەندکراو وەک ئامرازێکی بەرگری بەکاربهێنرێت.
هەروەها لە بەندیخانەی مەهاباد، دەنگۆی خراپیی ڕەوشەکە و نەبوونی هیچ جۆرە پێڕاگەیشتنێکی پزیشکی و یاسایی گەیشتووەتە ترۆپک. بەندکراوان لە ژێر گوشارێکی دەروونیی هێندە قورسدان کە ترسی کۆمەڵکوژی یان لەناوبردنی بەکۆمەڵ لە کاتی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراودا بووەتە مۆتەکەی ژیانیان و دوای بۆردومانکردنی ناوەندێکی سەربازی لە نزیک بەندیخانەکە، بەندکراوان کە دەرگای بەندەکانیان لەسەر داخرابوو، ناڕەزاییان دەربڕی و دواتر لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتی ڕێژیمەوە بە گازی فرمێسکڕێژ ناڕەزایەتییەکانیان سەرکوت کرا و دوابەدوای ناڕەزایەتییەکە نزیک بە ١٠٠ بەندکراوی تاوانە ئاساییەکان و چەند ژمارەیەک بەندکراوی سیاسی کە سزای بەندکرانی کورتماوەیان هەبوو، بە دانانی بارمتە یان مۆڵەتی پیشەیی، پشووی ١٥ ڕۆژەیان وەرگرت یان بە شێوەی کاتی لە زیندان بەندیخانە ئازاد کران و ژمارەیەکی دیکەش لە بەندکراوانی سیاسییان گواستۆتەوە بۆ بەندیخانەی میاندواو و چارەنووسیان نادیارە.
لەم کاتەدا، پەیوەندییەکانی بەندکراوان لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پارێزەرەکانیان تا ئاستی سفر کەم کراوەتەوە. ئەم گۆشەگیرییە زەمینە بۆ ئەشکەنجەی زیاتر و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ خۆش دەکات.
بەندکراوی سیاسیی کورد لە ئێراندا، تەنیا لەبەر بیروڕای ئازاد و ناسنامەی نەتەوەیی بەند نەکراوە، بەڵکوو لە کاتی شەڕدا دەبێتە نێچیرێکی ئاسان بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیاسی.
کاتێک دەسەڵات لە دەرەوە تووشی شکان دەبێت یان هەڕەشەی لێ دەکرێت، زۆرجار بە توندکردنەوەی پەتی سێدارە و سەرکوتکردنی ناوخۆیی دەیەوێت باڵادەستیی خۆی نیشان بداتەوە.
بەهۆی تەرخانکردنی هەموو کەرەستەکان بۆ کەرتی سەربازی، بەشی تەندروستیی بەندیخانەکان بە تەواوی پشتگوێ خراون، کە ئەمەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و گیانلەدەستدانی بەندکراوانی لێ دەکەوێتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە زەنگێکی مەترسییە بۆ هەموو ڕێکخراوە مرۆیییەکانی (وەکوو لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ). پێویستە جیهان بزانێت کە بەندکراوانی سیاسیی کورد بارمتەی سیاسی نین کە لە کاتی شەڕدا مامەڵەیان پێوە بکرێت.
گواستنەوەی بەندکراوان بۆ شوێنە سەربازییەکان پێشێلکارییەکی زەقی ڕێککەوتننامەی ژنێڤە.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای دەستپێڕاگەیشتنی خێرا بکات بۆ چاودێرانی سەربەخۆ بۆ ناو بەندیخانەکانی مەهاباد، بۆکان، ورمێ، سنە، ئیلام و کرماشان.
ئەو دەنگەی لە پشت دیوارە ئەستوورەکانی بەندیخانەکانی ڕۆژهەڵاتەوە دێت، دەنگی نەتەوەیەکی ستەملێکراوە کە لە کاتی شەڕی زلهێزەکاندا، ژیانیان کەوتووەتە مەترسییەوە. ئەرکی ئێمەیە وەک هەڵگرانی لێپرسراوێتیی نەتەوەیی و مرۆیی، ئەم دەنگە بگەیەنینە ناوەندە بڕیاربەدەستەکان. بێدەنگی لە ئاست ئەم کارەساتە، هاوکارییە لەگەڵ ستەمکار.

Be the first to comment