دەسبەسەرکردنی هونەرمەندێکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ڕێژیمەوە

خۆڕاگری: ئارام باڵەکی، هونەرمەنی خەڵكی مەریوان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئارام باڵەکی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراوە.

ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران تۆمەی ئەوەی خستۆتە پاڵ ناوبراو کە گوایە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدژی حکوومەت شت دەنووسێ و هەروەها لە ڕێوڕەسمی شەوی یەڵدا بەشداری کردووە و گۆرانی نیشتمانیی وتووە بۆ بەشداربووان. ئەو هونەرمەندە دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن ڕێژیمەوە تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.