خۆڕاگری: حەوت هاووڵاتیی خەڵكی سەرپێڵی زەهاو بەناوی “هێمن پاڵانی، خالید کەمەری، ئەیمەن سەفایی، ئومێد ساڵحی، عیرفان مورادی، پەیام ڕەنجبەر و کۆمار ساڵحی” لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێمن پاڵانی، خالید کەمەری، ئەیمەن سەفایی، ئومێد ساڵحی، عیرفان مورادی، پەیام ڕەنجبەر و کۆمار ساڵحی، حەوت هاووڵاتیی خەڵكی شاری “سەرپێڵی زەهاو”ـی سەربە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆمای ئیسلامییەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کراون و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەفتەیەک تائێستا چارەنووسیان ناڕوونە.
هێزە چەکدارەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵی ئەو هاووڵاتییانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردوون و ڕفاندوویانن بۆ شوێنێکی نادیار و سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک حەفتە بەسەر دەسبەسەرکردنیان، تائێستا هیچ زانیارییەکی ڕاست و دروست لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە.