خۆڕاگری: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی “سەلام سولتانی و ئەمیر فەقێ” لە بەهاری ئەمساڵەوە دەسبەسەر کراون و تائێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراون، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە هەرکامیان سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سەلام سوڵتانی و ئەمیر فەقێ، دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “خورینج”ـی سەر بە شاری پیرانشار لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو شارە بە سەرۆکایەتیی قازی “ئەمیر قارەمانی ساعەتلوو” بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، هەرکامیان سزای ٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپێندراوە.
جێی ئاماژەیە کە، سەلام سوڵتانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ و ئەمیر فەقێ ڕۆژی چوارشەممە ٢ی جۆزەردان هەمانساڵ، لەلایەن هێز داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کە هەڵیانکوتایە سەرماڵەکانیان بەشێوەیەکی دڕەندانە و بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی قەزایی و یاسایی دەسبەسەر کران و لەو کاتەوە تائێستا لە بەندیخانەی ناوەندی نەغەدە ڕاگیراون.