خۆڕاگری: سووسەن حەسەنزادە، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵكی بۆکان، بە مەبەسەتی جێبەجێکردنی سزای ٣مانگ بەندکردن دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ورمێ کرا.
بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی، مامۆستا سووسەن حەسەنزادە، چالاکوانی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی شاری بۆکان، دوای ئەوەیکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی ڕێژیم لەو شارە بانگ کرا هەرلەوێ دەسبەسەر کرا و مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٣مانگ بەندکردن کە پێشتر بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی رێژیم ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کرا.
ناوبراو ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی کۆماری ئیسلامی لە بۆکان، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیمی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای ٣مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.